ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە ئاراستەی وڵاتەکەی دەکرێن سەبارەت بە پەرەپێدانی چەکی کیمیایی و بە هەوڵێکی ناوبرد کە ئامانج لێی ڕاکێشانی ئەمەریکایە بەرەو جەنگێکی نوێ لە ناوچەکەدا.
عەباس عەراقچی ڕایگەیاندووە، ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ ئێران بە پەرەپێدان یان شاردنەوەی چەکی کیمیایی لەناو کارگەکانی دەرماندا هیچ بنەمایەکی ڕاستیی نییە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە تاران ئەندامە لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و واژۆکاری پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمییە و لە ڕووی مێژووییشەوە قوربانیی ئەم جۆرە چەکانە بووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، ئیسرائیل کە ڕەتیدەکاتەوە بچێتە ناو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی، کیمیایی و بایۆلۆجی و خاوەنی کۆگای چەکی ئەتۆمییە، لە ڕێگەی ئەم بانگەشانەوە هەوڵ دەدات ئەمەریکا چەواشە بکات و پاڵی پێوە بنێت بۆ ئەنجامدانی جەنگێکی نوێی بە وەکالەت، هاوکات هۆشداریشی داوە لە لێکەوتە ڕاستەوخۆکانی ئەم جۆرە جووڵانە لەسەر نەخۆشەکان و کەرتی تەندروستی لە ئێراندا.







