ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، مستەفا ئۆزچەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) لە بانگەوازێکدا بۆ سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی کورد و ڕای گشتیی وڵاتپارێز ڕایگەیاند، لە باکووری کوردستان بۆ ساڕێژکردنی برینی پێکنەهێنانی هاوپەیمانیی سیاسی، لە کۆنفرانسی 7ـی تشرینی دووەمی 2026 لە ئامەد (هاوبەندیی نەتەوەیی کوردستان - هەڤبەندی) دامەزرا و ڕۆژی 9ـی هەمان مانگ بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندرا.
مستەفا ئۆزچەلیک ئاماژەی بەوە داوە، دوای ڕاگەیاندنی هەڤبەندی، لە ناوخۆی کوردستان، تورکیا و دیاسپۆرادا پشتگیرییەکی بەهێزی بەخۆیەوە بینی، بەڵام ڕووبەڕووی هێرشی لایەنە ڕەگەزپەرست و شۆڤێنییەکان و ئۆپەراسیۆنی پۆلیسی تورکیا بووەوە، کە بەهۆی خاوەندارێتیکردنی جەماوەرییەوە ئەندامە دەستبەسەرکراوەکانی ئەنجومەنی هەڤبەندی لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئازاد کران.
سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان نیگەرانیی خۆی بەرامبەر هەندێک قسەوباس و مشتومڕ لە ناو بازنە و کادرە وڵاتپارێزەکاندا دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەو جۆرە مشتومڕانە زیان بە هاوپەیمانی و هەستی یەکێتیی نەتەوەیی دەگەیەنن و بە هیچ شێوەیەک قەبووڵ ناکرێن.
لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا هاتووە، ئەنجومەنی هەڤبەندی ڕۆژی 28ـی تشرینی دووەمی 2026 لە دیاربەکر کۆدەبێتەوە بۆ پێدانی شێوەی کۆتایی بە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆیی و دیاریکردنی بەرنامەی کاری داهاتوو.
لە کۆتایی بانگەوازەکەیدا، مستەفا ئۆزچەلیک داوای لە سەرجەم سیاسەتمەداران، ڕۆشنبیران، پێکهاتەکانی هەڤبەندی و ڕای گشتی کرد خۆیان لە هەموو لێدوان و هەڵوێستێکی زیانبەخش بەدوور بگرن و وەک هەنگاوێکی هیوابەخش خاوەندارێتی و پشتگیری لە هەڤبەندی بکەن و بەهێزی بکەن.







