ئەمڕۆ دووشەممە, لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی لێدوانەکانی عەباس عێراقچی بۆ ئەگەری کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی 2 کاتژمێردا ڕوونی کردەوە: کاتێک دەڵێین لەسەر هەڵوێستی خۆمان جێگیرین، واتە دەستبەرداری مافەکانمان نابین؛ ئەگەر لایەنی ئەمەریکی مەرجەکان جێبەجێ بکات، کردنەوەی کورتخایەنی گەرووەکە دەکرێت لە ئارادا بێت. ئەو 7 مەرجەی دانراون داواکاریی نامۆ نین، بەڵکو مافی بێبەشینەکراوی گەلی ئێرانن.
سەبارەت بە ئەندامێتیی ئێران لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، بەقائی جەختی کردەوە کە ئێران لە ساڵی 1970ـەوە پابەندی بەڵێنەکانی بووە و فەتوای ڕێبەری کۆچکردووش لەسەر حەرامبوونی چەکی ئەتۆمی ڕوونە، بەڵام ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پەیماننامەکەیان لە ناوەڕۆک بەتاڵ کردووەتەوە. گوتیشی: هەرچەندە لە ناوخۆی ئێران گفتوگۆ هەیە لەسەر مانەوە لە پەیماننامەکە، بەڵام تاران تا ئێستاش ئەندامە و پابەندە، و هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ کشانەوەمان پێنەگەیشتووە.
لە تەوەرێکی دیکەدا، سەبارەت بە دەستپێکردنی پڕۆژەی "تریپ" و پێشهاتەکانی سنووری باکووری وڵاتەکەی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا و گوتی: ئێمە لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانین، بەڵام دەبێت نیگەرانی و بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێ لەبەرچاو بگیرێت و ڕێگە بە هیچ لایەنێکی سێیەم نەدرێت دەستوەردان بکات. بە ڕوونی ڕامانگەیاندووە کە بوونی هێزی بیانی لە نزیک سنوورەکانی ئێران بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە و چاودێریی وردی دۆخی قەوقاز دەکەین.







