وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور بە فەرمی ڕەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی بەشدار بێت لە شەڕی دژ بە ئێران و ڕایدەگەیەنێت، درێژکردنەوەی ئەرکی یەکە دەریاییەکەیان لە کەنداوی عەدەن و نزیک گەرووی هورمز، تەنها بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و بەرەنگاربوونەوەی چەتەگەرییە کە بە ڕێژەی 3 هێندە زیادی کردووە، نەک بۆ هیچ دەستوەردانێکی سەربازی.
کانگ شین چول، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، درێژکردنەوەی ماوەی جێگیرکردنی یەکەی دەریایی "چیۆنگ هێ" بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەتەگەری لە کەنداوی عەدەن، بە هیچ شێوەیەک بە مانای بەشداریکردنی سەربازیی ناڕاستەوخۆی وڵاتەکەی نایەت لە شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە گەرووی هورمز.
بەپێی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور لە وتەیەکدا لەبەردەم یاسادانەرانی وڵاتەکەی ڕوونی کردەوە، چالاکییەکانی چەتەگەری لەو ناوچەیەدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 3 هێندە زیادی کردووە، هەربۆیە ئەرکی سەرەکیی یەکەکە تەنها پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان و هاووڵاتییانی کۆریای باشوورە کە ئەو ڕێڕەوە دەریاییە بەکاردەهێنن.







