نووسینگەی ڕاگەیاندنی دادوەری لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند پشکنینی مەیدانیی بۆ شوێنی دەستکاریکردنی بۆرییەکی نەوت لە نەجەف ئەنجام داوە؛ بۆرییەکە کەوتووەتە نێو پارچە زەوییەک کە موڵکی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف (سەرۆکی لێژنەی وزە) و براکەیەتی.
دادوەرەکە گوتی: ئەنجام و پشکنینە سەرەتاییەکان دەریانخستووە لە ڕێگەی دەستکاریکردنی ئەو بۆرییەوە پرۆسەی بەقاچاخبردنی نەوت ئەنجام دراوە، بۆیە دادگا بڕیاری دا بە دەستبەسەرکردنی 5 ئەفسەر و 3 کارمەندی سەر بە پۆلیسی وزە دوای ئەوەی لە دانپێدانانەکانیاندا دەرکەوتووە دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووە، هاوکات فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ بەرپرسەکەی ئەنجومەنی پارێزگا و براکەی دەرچووە.
لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکاندا هاتووە، تۆمەتباران پێشتر خەندەقێکی گەورەیان بە دەوری ئەو پارچە زەوییەدا لێداوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هاتووچۆی خەڵک بکەن و کەس بە چالاکییە نایاساییەکانی ناو زەوییەکە نەزانێت. دادگا ئاماژەی بەوەش کرد کە دەنگۆی هەبوونی چالاکیی نایاسایی دیکەی وەک بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لەو ناوچەیەدا هەیە و لە ئێستادا لە قۆناغی بەدواداچوون و ساغکردنەوەی بەڵگەکان دایە.







