فەرماندەییی سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "لە ئەنجامی چاودێریکردنی چڕی سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵات، ڕۆژی شەممە هێزەکانمان توانییان دەست بەسەر نزیکەی 264 کیلۆگرام ماددەی تەقەمەنیدا بگرن کە لە جۆرەکانی C4 (نزیکەی 203 کیلۆگرام) و TNT (61 کیلۆگرام) پێکهاتووە و لە ناوخۆی سووریاوە بە قاچاخ هێنرابوو."
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لوبنانی بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی ڕاگەیاند، ئەو تەقەمەنییانە لە ڕێگەی ناوچە شاخاوییە سەختەکان و دەروازەیەکی نایاساییەوە هێنراونەتە ناو لوبنان، و ئەو سێ کەسەی دەستگیر کراون قاچاخچیی مەدەنین و سەر بە هیچ حیزبێک نین، هاوکات دادگای لوبنان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەستگیرکراوەکان دەستپێکردووە تاوەکو ڕوون بێتەوە ئەو تەقەمەنییانە بۆ کام لایەن دابین کراون.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە گوشارەکان لەسەر حزبوڵڵای لوبنان چڕ بوونەتەوە بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان بە دەوڵەت، هاوکات سەرۆککۆماری لوبنان، جۆزێف عەون ڕۆژی شەممە لە وتارێکدا بە توندی داوای لە حزبوڵڵا کرد چەکەکانیان ڕادەست بکەن و گوتی: "سەردەمی هەبوونی چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کۆتایی هاتووە و بووەتە هۆی زیانی گەورە بۆ لوبنان."







