ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە کارمەندانی هەردوو هۆبەی بەدواداچوون و دەستبەسەرداگرتن و وردبینی لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دەستەکە لە دیوانییە، توانیویانە بەڕێوەبەری ناحیەی سەلاحییە بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیر بکەن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە دوای ئەوە هاتووە کە بڕێک پارەی وەک بەرتیل لە خاوەنی موەلیدەیەکی ئەهلی لە سنووری ناحیەکە داوا کردووە، لە بەرامبەر ئەوەی بەڵێنی پێبدات هیچ سزایەکی دارایی بەسەر موەلیدە ئەهلییەکانیدا نەسەپێنێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی خاوەن موەلیدەکە هیچ سەرپێچییەکی ئەنجام نەداوە.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش داوە، دوای ڕێکخستنی کۆنووسی یاسایی، تۆمەتبارەکە ڕەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دیوانییەی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی کراوە و دادوەریش بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە بەپێی حوکمەکانی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983ـی هەموارکراو.







