ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومی، بەغدای پایتەختی بەجێهێشتووە و بە سەردانێکی فەرمی بەرەو کۆماری میسری عەرەبی بەڕێکەوتووە.
لە چوارچێوەی بەرنامەی سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی کۆماری میسر کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە چارەسەرە دیپلۆماسییەکان بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکان.
هەروەها بڕیارە عەلی زەیدی لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی گفتوگۆ لەبارەی بوارەکانی هاریکاریی دووقۆڵی بکات و لە چوارچێوەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق و میسردا، چەند یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ بکرێن.
لە تەوەرێکی دیکەی سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی بارەگای کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی دەکات و لەگەڵ ئەمینداری گشتی و نوێنەرانی هەمیشەیی وڵاتانی ئەندام کۆدەبێتەوە، بە ئامانجی گەڵاڵەکردن و پەرەپێدانی کاری هاوبەشی عەرەبی.







