ئەمڕۆ دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: دادگای تاوانەکانی زیقار دوو بڕیاری حوکمی ئامادەبوونی دەرکردووە بە زیندانی بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاریی پڕۆژەکان لە دیوانی پارێزگای زیقار بۆ ماوەی هەشت ساڵ و زیندانی فەرمانبەرێکی دیکەی هەمان بەش بۆ ماوەی حەوت ساڵ، هاوکات سەپاندنی پێبژاردنێکی دارایی بەسەر هەردووکیاندا کە دەبێت بیدەن بە گەنجینەی دەوڵەت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، دادگا دوای پشکنینی بەڵگە و سەلماندنەکانی دۆسیەکە، گەیشتووەتە بڕوای تەواو بە تاوانباربوونی هەردوو تۆمەتبارەکە و سزاکانی بەپێی حوکمەکانی بڕیاری ژمارە 60ـی ساڵی 1983 و بە ئاماژەدان بە ماددەکانی (47، 48، 49) لە یاسای سزادان دەرکردووە، لەگەڵ بڕیاردان بە زیندانی هەریەکەیان بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە لە ئەگەری نەدانی پێبژاردنە داراییەکە، کە بە شێوەی یەک لە دوای یەک لەگەڵ سزا سەرەکییەکەدا جێبەجێ دەکرێت.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش داوە، پێشتر و لە 22ـی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا، تیمەکانیان توانیبوویان بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری لە دیوانی پارێزگای زیقار و یەکێک لە فەرمانبەرانی بەشەکە لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە بەڵێندەرێک دەستگیر بکەن، کە لە بەرامبەر خەرجکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەرەکەدا داوایان کردبوو.







