سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە پێویستە هەر ناکۆکی و لێکنەگەیشتنێک بخرێتە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی، کە بەپێی ماددەی 93ـی دەستوور، ئەرکی لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندی و هەرێمەکانی لە ئەستۆیە، هاوکات بەپێی ماددەی 94 بڕیارەکانی دادگاکە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندکەرن.
هەیبەت حەلبووسی جەختی لەوەش کردەوە کە دەستوور بەرزترین یاسای وڵاتە و حووکمڕانیی هەموو دەسەڵاتە فیدراڵی، هەرێمی و خۆجێییەکان ڕێکدەخات، هەروەها گوتی: ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین دەستدرێژی بکاتە سەر دەستوور یان لە ئەرکەکانی خۆی بدزێتەوە، چونکە هیچ کەس لە سەرووی یاساوە نییە و پابەندبوون بە دەستووریش بژاردەیەکی سیاسی نییە تا سازشی لەسەر بکرێت، بەڵکو ئەرکێکی گشتگیر و پابەندکەرە بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژەی بە پرسی دارایی کرد و دووپاتی کردەوە کە پەرلەمان پابەندە بە پەسەندکردنی بودجەیەکی دادپەروەر و هاوسەنگ، بە جۆرێک کە مافی تەواوی پێکهاتەکان مسۆگەر بکات و دادپەروەری لە دابەشکردنی سامانی وڵاتدا بۆ هەموو ڕۆڵەکانی گەلی عێراق بەبێ جیاکاری بەدیبهێنێت.







