ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد ڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەست بە نیگەرانی ناکات بەرامبەر ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئەمەریکا بەسەریدا سەپاندووە، چونکە جووڵەی بارهەڵگرتن لە ڕێگەی سنوورەکانی دیکەوە زیادبوونێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، گوتیشی حکوومەت هەوڵ دەدات بەرزبوونەوەی نرخەکان کۆنترۆڵ بکات.
محەممەد ڕەزا عارف ئاماژەی بەوە داوە: "زیادبوونی داگرتن و ڕاییکردنی مامەڵەی کاڵاکان لە ڕێگەی سنوورە نێودەوڵەتییەکانی دەرەوەی باشووردا ئەو پەیامە دەگەیەنێت کە ئێمە گوێ بەو گەمارۆ دەریاییە نادەین کە دوژمن سەپاندوویەتی".
جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران بێ ئەوەی هیچ ژمارەیەک ئاشکرا بکات، ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە یەدەگی کاڵا ستراتیژییەکان بەهێزە و دابینکردنی کاڵاکانیش زۆرە، هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە حکوومەت هەوڵ دەدات بۆ ماوەی لانی کەم سێ مانگ ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان بکات.
لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، حکوومەت هەوڵ دەدات سەرچاوەی زیاتری بودجە و پاشەکەوتی وزە ئاراستەی باشترکردنی ئاستی بژێوی لە هەژارترین ناوچەکانی وڵاتدا بکات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە ئێران ڕووبەڕووی یەکێک لە خراپترین شەپۆلەکانی هەڵاوسان بووەتەوە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، کە بەهۆی ئەو جەنگەوە دروستبووە کە نزیکەی نۆ مانگ لەمەوبەر لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە دەستیپێکرد، بە تایبەتیش بەرزبوونەوەیەکی توند لە نرخی ماددە خۆراکییەکاندا تۆمار کراوە.
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی بەکاربەران لە وڵاتەکەدا لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا بە ڕێژەی 88.7% بەراورد بە ساڵی پێشوو بەرز بووەتەوە، لە کاتێکدا تێکڕای هەڵاوسانی ساڵانە بۆ 76.8% خێراتر بووە و نرخی ماددە خۆراکییەکان و خواردنەوەکانیش لەسەر بنەمای ساڵانە بە ڕێژەی 112.6% بازدانی بەخۆیەوە بینیوە.
هاوکات ئەمەریکا لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا جارێکی دیکە گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپاندەوە و لە سەرەتای ئەم مانگەشدا پێکهێنانی هێزی ئەرکی (دەروازەی ئاسنین - Iron Gate)ـی ڕاگەیاند بە مەبەستی سنووردارکردنی جووڵەی گواستنەوەی چەک و ماددە سزادراوەکان لە ڕێگەی سنوورە وشکانییەکانی ئێران و دەریای قەزوینەوە.







