گرنگی ماددەی 110 دەستووری عێراق تەنیا لە دیاریکردنی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو درێژ دەبێتەوە بۆ کێشانی سنووری تایبەتمەندییەکان لە نێوان ناوەند و هەرێمەکاندا، لە سیستمێکدا کە لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکان بونیاد نراوە. ئەو ماددەیەی کە تایبەتمەندییە ڕەهاکانی (حەسرییەکانی) دەسەڵاتە فیدراڵییەکان دەژمێرێت، بەڕێوەبردنی نەوت و غازی لە چوارچێوەی لیستی دەسەڵاتە تاکلایەنەکانی بەغدادا لەخۆنەگرتووە، ئەمەش وا دەکات تێڕوانین بۆ ئەم دۆسیەیە ببەسترێتەوە بە ماددە دەستوورییەکانی دیکەشەوە، لە پێش هەموویانەوە ماددەی 111 کە بنەمای خاوەندارێتی دیاری دەکات و دەقی لەسەر ئەوە داوە کە نەوت و غاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا.
لە کاتێکدا ماددەی 112 چوارچێوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و غاز دیاری دەکات، لە ڕێگەی بەشداریکردنی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە بەرهەمهێنەرەکان لە ڕێکخستنی نەوت و غازی دەرهێنراو لە کێڵگەکانی ئێستادا، هەروەها دابەشکردنی داهاتەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکاندا بەپێی ئەوەی کە یاسا ڕێکیدەخات.
لە نێوان ئەم دەقانەدا، سروشتی کێشە و ئاڵۆزییە دەستوورییەکە ڕوون دەبێتەوە، نەبوونی بەڕێوەبردنی نەوت و غاز لە نێو تایبەتمەندییە ڕەهاکاندا، بە مانای تاکڕەوی هیچ لایەنێک نایەت لە بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیەدا، هێندەی ئەوەی پێویستی ڕێکخستنی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکان دەخاتە ڕوو بە شێوەیەک کە هاوبەشی مسۆگەر بکات و مافە دەستوورییەکانی سەرجەم عێراقییەکان بپارێزێت.
لە سایەی جیاوازی لێکدانەوەکان لە نێوان بەغدا و هەولێردا، گەیشتن بە چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون و لەسەر ڕێککەوتوو، کە پشت بە کۆی دەقە دەستوورییەکان ببەستێت، وەک دەروازەیەکی سەرەکی دەمێنێتەوە بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و گۆڕینی سامانی نەوت و غاز لە تەوەری ململانێی سیاسییەوە بۆ کۆڵەکەیەک بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی ئابووری.
لێرەدا دۆسیەی نەوت و غاز تەنیا وەک پرسێکی کارگێڕی دەرناکەوێت، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکە بۆ ڕادەی توانای جێبەجێکردنی دەستوور بە ڕۆحی هاوبەشی و هاوسەنگی لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا.







