ئەمەی خوارەوە دەقی بەیاننامەکەی ئەحمەد جەربا سەرۆکی ڕەوتی غەدی سووریایە:
ماوەی سێ ڕۆژە چاودێریی قەیرانێکی نوێی کۆن دەکەین لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەولێر. ئەمانە قەیرانگەلێکی یەک لە دوای یەکی بیست ساڵەن کە هەر ماوەیەک جارێک سەر هەڵدەدەنەوە و هەر زووش هێور دەبنەوە.
تێکچوونی هاوسەنگی لە بەغدا دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق هاوسەنگیی تێک بچێت، هەروەها هاوسەنگی لە هەولێریش، و بەپێچەوانەشەوە هەر ڕاستە. هەمیشە پەنا بۆ دەستوور دەبرێت و دانا و پیاوماقووڵانی عێراق لە کورد و عەرەب دێنە نێوانەوە و دڵەکان پاک دەبنەوە و ئەم کێشانەش تێدەپەڕن.
شاراوە نییە پەیوەندیی ستراتیژیمان لەگەڵ هەولێر و لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بنیاتی نا، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی کە ئێمە لە قۆناغێک لە قۆناغەکاندا نوێنەرایەتیمان دەکرد، ئەم پەیوەندییەی مێژوو و جوگرافیا و پەیوەندیی عەشایەری و هاوپەیمانییە کۆن و مێژووییەکانمان تێدا هێنایەوە ئارا کە مێژووەکەیان بۆ نزیکەی دوو سەدە درێژ دەبێتەوە. قەیرانی بەغدا و هەولێر قەیرانێکی ناوخۆیی عێراقە و هیوامان زۆرە بەم زووانە کۆتایی بێت و ئاو بگەڕێتەوە ڕێڕەوی خۆی، بەپێچەوانەی ئەوەی هەندێک کەس ئاواتی بۆ دەخوازن.
بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام و هەڵوەستەی پێکردم، هاتنە سەر خەتی چالاکوانانی سوورییە لەم قەیرانەدا و وەستانیانە لەگەڵ بەغدای ئازیز دژی هەولێری ئازیز و داواکردنیان بۆ داخستنی دەروازەی سنووریی سێماڵکا، ئەمەش بانگەوازێکە کە نیشانەی ڕقێکی نەتەوەیی داماوە و ئیتر تەنها شکستخواردووەکان نەبن کەس لەسەر کەلاوەکانی ناگری، ئەرکی ئەخلاقیم پێش ئەرکی نیشتمانی ئەوەیە بیرهێنانەوە بکەم، ئەگەر بیرهێنانەوە سوودی هەبێت.
دەروازەی سێماڵکا تاکە دەروازە بوو لە ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لانیکەم لە سێ پارێزگای گەورەی سووریاوە، هەموو جیابووەوەیەک لە ڕژێمی لەناوچوو، هەموو ڕاونراوێک، هەموو ستەملێکراوێک و هەموو نەخۆشێک کە نەیدەتوانی بگاتە دیمەشق و لە لیستەکانی دەستگیرکردنی ڕژێمدا داواکراو بوو، لێیەوە پەڕینەوە و تێپەڕین. بۆ هەر پیاو یان ژنێکی هەڵاتوو لە مردن و تەنگانەی ژیان، هەولێر وێستگەی سەرەکی بوو بۆ ئەو سوورییانەی وەک ڕێڕەو یان شوێنی مانەوە هەڵیانبژارد.
داوای پاسپۆرتی سوورییان نەکرد وەک مەرجێک بۆ چوونەژوورەوە، لە کاتێکدا دەیانزانی تێچووی پاسپۆرتەکانی سووریا زۆربەی ئەوەی هەر خێزانێک هەیەتی تێی دەچێت، سەرەڕای سەختیی دەرهێنانیشی تەنانەت ئەگەر ڕسوماتەکەشی دابین بکرایە.
سەرۆک مەسعود بارزانی و کورد، پەناگەی ترساو و هەڵاتوو و جیابووەوەکان بوون، هەموو ڕاونراوێکیان دەحەواندەوە و بە هانای هەموو لێقەوماوێکەوە دەچوون، سەرەڕای لاوازیی تواناکانیش، زیاتر لە کەمپێکی پەنابەرییان بۆ هەموو پێکهاتەکان کردەوە بەبێ هیچ جیاوازییەک لە ڕەگەز و ئایین و مەزهەبدا. لە قۆناغی دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی گەورەی سووریا و عێراقیشدا لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە، هەرێمی کوردستان ئەم دەروازە مرۆییەی بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی کردەوە.
خوای گەورە دەفەرموێت: ﴿هَلْ جَزَاءُ الْإِحْسَانِ إِلَّا الْإِحْسَانُ﴾ (ئایا پاداشتی چاکە هەر چاکە نییە؟).
ئایا پاداشتی چاکە بە سپڵەیی و نکۆڵیکردن دەبێت؟!
لە کۆتاییدا، هیوادارم ئەوانەی خۆیان بە چالاکوان دەزانن و لەسەر کاروباری گشتی دەنووسن، کە باسی مەینەتییەکانی سوورییەکان بکەن لە گرانی و بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی سووتەمەنی وەک ماددەی مازۆت، لە کاتێکدا زستان لە دەرگاکانمان دەدات.
ئەگەریش قسەکردن لەسەر خەمە بژێوییەکان بە خۆشگوزەرانی دەزانن، ئەوا ئیسرائیل زیاتر لە ساڵ و نیوێکە لە باشووری سووریا، لە پارێزگاکانی دەرعا و سوەیدا و قونەیتەرە، ڕۆژانە سەرەڕۆیی و تەراتێن دەکات و هاتووەتە دووریی بەردهاوێژێک لە دیمەشقی خۆشەویستەوە. سووریا بەشی خۆی قەیرانی تێدایە و پێویست ناکات دەست بخەینە ناو قەیرانی برا و دراوسێکانمانەوە.
واز لە عێراق بهێنن بۆ خەڵکەکەی، بە ئیزنی خوا باش دەبێت.
ئەحمەد جەربا سەرۆکی ڕەوتی غەدی سووریا







