ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامێکی تایبەتدا بۆ ڕەحیم ڕەشیدی، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە ئەمریکا، لەسەر زاری گوتەبێژێکی وەزارەتەکە هەڵوێستی فەرمیی ئەمەریکای سەبارەت بە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان خستە ڕوو.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی لە عێراقێکی خاوەن سەروەری، یەکگرتوو و فیدراڵ دەکات، هەروەها پشتیوانی لە هەرێمێکی کوردستانی عێراقی سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکات لە چوارچێوەیدا.
گوتەبێژەکە دووپاتیشی کردەوە کە واشنتن پشتگیریی خۆی دەردەبڕێت بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە کەڵەکەبووەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ڕێگەی دیالۆگەوە و بە جۆرێک کە دەستووری عێراق ببێتە بنەمای چارەسەر.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمەریکا پاش بڕیارە تاکلایەنەکانی حکوومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی دێت سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و دەسەڵاتە کارگێڕییەکان، کە بەهۆیەوە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هاووڵاتییان لە ڕێگەی خۆپیشاندان و هەڵوێستی هاوبەشەوە ناڕەزایەتیی توندیان بەرامبەر ئەو هەنگاوانە دەربڕیوە و بە پێشێلکردنی دەستوور و قەوارەی هەرێمی دەزانن.







