کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان ئاماژەی بەوە کرد، چەند پەیج و ئەکاونتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی ناوزڕاندن و چەواشەکردنی ڕای گشتی، دەنگۆیەکی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆرییەکی نەوتی قاچاخی لە دەروازەی پەروێزخان دۆزیوەتەوە، لە کاتێکدا هەواڵە فەرمییەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە ڕوونی ئاماژەی بەوە کردووە کە بۆرییە نەوتەکە لە سنووری پارێزگای سەلاحەددین دۆزراوەتەوە.
لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو لایەنانەی لەپشت بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆیانەن، بە مەبەست دەیانەوێت هاووڵاتییان چەواشە بکەن؛ بۆیە داوا دەکەن بەرپرسیارانە و پیشەییانە مامەڵە بکەن و پێش بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەک، لە ڕاستی و دروستیی هەواڵەکان بکۆڵنەوە.







