ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، هۆشیار زێباری، بەرپرسی ناوەندی سەرکردایەتیی بەغدای پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا سەردانی عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی کرد و کۆبوونەوە.
لە دیداری نێوانیاندا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران و هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی گرتنەبەری ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، هەروەها پێشخستنی بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی دەستکەوتە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەمنییەکانی وڵات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پێویستیی گەڕانەوە بۆ دەستوور و جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە دابەشکردنی دادپەروەرانەی سامانەکان و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان، بە جۆرێک کە متمانەی نێوان سەرجەم لایەنەکان بەهێز بکات و چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان لە ڕێگەی گفتوگۆی سیاسی و دامەزراوە دەستوورییەکانەوە مسۆگەر بکات.
لە کۆتاییدا، هەردوولا دووپاتیان کردەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان هێزە نیشتمانییەکان، بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانی ئێستا، چەسپاندنی سەقامگیری و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و گەلەکەی.







