ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ شەپۆلێکی بارانبارین بۆ سەر ناوچەکە دەستپێدەکات و بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک ناوچەکە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەو شەپۆلە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی، لە ئەنجامی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان لە زۆربەی ناوچەکان هەور دەبێت لەگەڵ بارانبارین بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ و لە ناوچە شاخاوییەکانیش بارانی مامناوەند دەبێت، هەروەها سبەی دووشەممە بارانبارین لاواز دەبێت و بە شێوەی ئەگەری نمەباران دەبێت.
کەشناسیی هەرێم ئاماژەی بەوەش داوە کە ڕۆژی سێشەممە شەپۆلی بارانبارین چالاک دەبێت و لە کاتەکانی بەیانی تا کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە باران بە شێوەی مامناوەند دەبارێت و هەندێک کات هەورەتریشقەشی لەگەڵ دەبێت، لە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەشدا لە ئەنجامی یەکگرتنی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، شەپۆلەکە بەهێز دەبێت، بەتایبەت لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە پارێزگای کەرکووک و پاشان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ڕوونی کردووەتەوە کە زۆرترین ماوەی دابارین لە کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە دەبێت و بە شێوەی لێزمەباران، هەورەتریشقە و تاوەباران دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە کاتی لێزمەباراندا، ئاماژەی بەوەش داوە کە کاریگەریی ئەم شەپۆلە تا بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرز و سنوورییەکانیش بەفر دەبارێت.







