بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی: بەپێی ڕاپۆرتی کەشناسی، تەواوی تیمەکانمان بە کەلوپەلی پێشکەوتووی ڕزگارکردن و پەمپەکانی کێشانی ئاو لە حاڵەتی ئامادەباشیدان. هەروەها سنووری هەولێر بۆ سێ زۆنی سەرەکی (ناوەڕاست، باشوور، باکوور) دابەش کراوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ 6 شارەوانی، پۆلیس، هاتووچۆ و ئاسایش، پلانە ئەمنییەکە جێبەجێ دەکرێت.
هاوکات بەرگریی شارستانی چەند ڕێنماییەکی گرنگی ئاراستەی هاووڵاتییان کرد:
- داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت بە هیچ شێوەیەک بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە کاتی بارانباریندا نەیەنە دەرەوە.
پاراستنی بەڵگەنامە و کەلوپەل: بەڵگەنامە فەرمییەکان (ناسنامە، پاسپۆرت)، پارە و زێڕ لە نێو زەرف و لە شوێنی بەرز و پارێزراوی ماڵەکاندا دابنرێن.
- هیچ ئامێرێکی کارەبایی (وەک هیتەر و تەباغ) لەسەر زەوی دانەنرێت؛ لە کاتی هاتنەژوورەوەی ئاو یان نزیکبوونەوەی لافاویش، دەستبەجێ سێرکێت و سەرچاوەی سەرەکیی کارەبای ماڵەکان بکوژێنرێتەوە.
- بەهیچ جۆرێک ئۆتۆمبێلەکانتان لە شوێنە نزمەکان، گەراجی ژێرزەمین و ئەو شەقامانەی مەترسیی کۆبوونەوەی ئاویان هەیە (وەک سەیداوە، دەوروبەری فامیلی مۆڵ، و نزیک یاریگا) ڕامەگرن.
- لە کاتی هەورەبرووسکەدا لە نزیک درەختە بەرزەکان و ناوچە کراوە و شاخاوییەکان مەمێننەوە و لە شوێنی پارێزراودا پەنا بگرن.
- شوانکار، گوندنشین و هاووڵاتییان لە ڕێڕەوی دۆڵ، چەم و کەناڵەکانی ئاو بەدوور بن.
لە کۆتاییدا بەرگریی شارستانیی هەولێر جەختی کردەوە کە لە کاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێکی لەناکاو، هاووڵاتییان دەتوانن دەستبەجێ لە ڕێگەی هێڵە گەرمەکانی (115 و 125) پەیوەندی بە ژووری کۆنتڕۆڵەوە بکەن تاوەکو تیمەکانی فریاگوزاری بەهانایانەوە بچن.







