دوابەدوای بڵاوبوونەوەی چەند حاڵەتێکی نەخۆشییەکە لە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، هەوکردنی پەردەی مێشک نەخۆشییەکی گواستراوەیە و دەبێتە هۆی هەوکردنی پەردەکانی مێشک و دڕکەپەتک، نەخۆشییەکە بە پشکنینی تایبەت دەستنیشان دەکرێت و سەرجەم چارەسەرە پێویستەکانی لە هەرێمی کوردستان بەردەستن.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو حاڵەتانەی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن تاکەحاڵەتن و هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوون بەپێی پێوەرە جیهانییەکانی پەتازانی؛ هیچ ئاماژەیەکی نائاسایی بۆ تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکە نییە و تیمەکانی تەندروستی بەردەوامن لە چاودێریکردنی قوتابخانەکان و شوێنە گشتییەکان.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لەم کاتەدا دۆخەکە پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات و هیچ بڕیارێک بۆ ڕاگرتنی کاروبار یان پرۆسەی خوێندن نییە، لە کاتێکدا تیمە پزیشکییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان و لە ئەگەری هەر پێشهاتێکی نوێدا ڕای گشتی ئاگادار دەکرێتەوە.







