ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، د. کۆیان زاهیر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد ڕەشیدی منداڵانی فێرکاری لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، ساڵانە دەیان حاڵەتی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵ تۆمار دەکرێن و چارەسەر دەکرێن، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمە نەخۆشییەکی نوێ نییە و هۆکارەکەی یان بەکتریاییە یان ڤایرۆسییە، کە زۆرینەی جۆرەکانی ڤایرۆسین و نەخۆشەکە خۆی چاک دەبێتەوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی ئاشکرایکرد، لە ماوەی ئەمساڵدا لە نەخۆشخانەکەیان 61 تووشبووی ڤایرۆسی و 8 تووشبووی بەکتریایی هەوکردنی پەردەی مێشک تۆمار کراون، کە سەرجەمیان چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە.
سەبارەت بە چۆنیەتیی دەستنیشانکردن و نیشانەکانی نەخۆشییەکە، د. کۆیان زاهیر ڕوونیکردەوە کە دەستنیشانکردنەکە لە ڕێگەی دەرکردنی ئاوی پشتەوە دەبێت و نیشانەکانی بریتین لە لەرز، تا، سەرئێشە و بەرچاوتەڵخبوون، هەروەها لە منداڵی بچووکدا تای بەهێزی دەبێت و ناتوانێت شیر بخوات.
لە کۆتاییدا د. کۆیان زاهیر ئاماژەی بەوە دا کە زۆربوونی ڕێژەی هەوکردنی پەردەی مێشکی منداڵان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق ترسی لای هاووڵاتییان دروست کردووە، بەڵام خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە سلێمانی ڕێژەکەی زۆر کەم و ئاساییە، جەختیشی کردەوە کە ئەم نەخۆشییە ساڵانی ڕابردووش هەبووە و لە ئایندەشدا بەردەوام دەبێت، بەڵام ناگاتە ئاستی بڵاوبوونەوەی زۆر بە شار، قوتابخانەکان و دایەنگەکاندا.







