لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا هاتووە، بڕیاربەدەستانی بەغدا هێشتا باوەڕیان بە فیدراڵیزم نییە و بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەن. ئاماژە بەوەش کراوە کە حکوومەتی فیدراڵ کاتێک پرسی گەندەڵی دەکاتە بیانوو، مەرامی سەرەکی لاوازکردن و نەهێشتنی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستانە کە بەرهەمی خوێنی دەیان هەزار شەهید و زیاتر لە 100 ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستانە.
پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان وەبیریان هێنایەوە، گەلی کوردستان لە ساڵی 2003 ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو لە ڕووخانی دیکتاتۆرییەت و داڕشتنەوەی دەستووری نوێ کە زیاتر لە 80%ـی گەلانی عێراق دەنگیان پێدا؛ بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەستوور پێشێل دەکرێت و پەراوێز دەخرێت.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئەگەر بەغدا مەبەستی ڕاستەقینەی سەروەریی یاسا و نەهێشتنی گەندەڵی و چەکی بێمۆڵەتە، بۆچی پرسی جورفولسەخر یەکلایی ناکاتەوە؟ عێراق پڕە لە گەندەڵی و دزی و چەکی نایاسایی، با لە خۆیانەوە دەست پێبکەن." هەروەها جەخت کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە پشتیوانی چاکسازی بووە و بە کردار لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی زێدی هەماهەنگ بووە، بەڵام کێشەکە ئەو عەقڵییەتەیە کە چاوی بە پێشکەوتنەکانی هەرێم هەڵنایەت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هۆشداری دراوە کە گەلی کوردستان بە هەموو هێزیەوە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی دەکات و ناچێتە ژێر باری بڕیاری تاکلایەنە، هاوکات داوا لە پارتە سیاسییەکانی کوردستان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، کراوە یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد بپارێزن؛ هەروەها داواش لە ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا دەکەن دەنگی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان بگەیەننە پەرلەمان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.







