ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە 15ـەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وێڕای پێداگری لەسەر سیستەمی فیدراڵی، داننان بە مافەکانی گەلی کورد و بەفەرمیکردنی زمانی کوردی، داوای هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم یاسا جیاکارییەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ عەفرین و سەرێکانی و گرێ سپی و بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی ئەنجومەنەکە دەکات و ڕۆڵی نەتەوەیی سەرۆک بارزانی و هەوڵە بەردەوامەکانی لە پاڵپشتیکردنی پرسی کورد و بەهێزکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بەرز دەنرخێنێت.
دەقی بەیاننامەکە؛
بەیاننامەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا بەبۆنەی پازدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە
یادی پازدە ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا دێتەوە، کە لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١١دا ڕاگەیەندرا، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پێداویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی هەنووکەیی کە بەهۆی دەیان ساڵ لە پەراوێزخستن، ستەمکاری و ئینکارکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردەوە سەپێندرابوو.
ئەم دامەزراندنە لە چوارچێوەی شۆڕشی سووریادا، وەک درێژەپێدەر و تەواوکەری کاروانی خەباتی بزووتنەوەی نیشتمانیی کوردی لە کاتی دروستبوونی دەوڵەتی سووریاوە هاتە ئاراوە، بەتایبەتی لە دوای دامەزراندنی یەکەمین حزبی کوردی لە حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٧دا.
کورد، شانبەشانی پێکهاتەکانی دیکەی گەلی سووریا، لەپێناو ئازادی، کەرامەت و بنیاتنانی دەوڵەتدا خەباتی کردووە. بەڵام حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان - بەتایبەتی دەسەڵاتی ستەمکاری بە سەرۆکایەتیی حزبی بەعس - بە سەرکوتکردن و بێبەشکردن لە مافە نەتەوەییەکان ڕووبەڕووی خواستەکانیان بوونەوە، و پێداگرییان لەسەر سەپاندنی زیاتری سیاسەتە جیاکارییەکان و پڕۆژە ڕەگەزپەرستییەکان کرد، کە لە پێشەنگیاندا پڕۆژەکانی "پشتێنەی عەرەبی"، بێبەشکردن لە ڕەگەزنامە، سیاسەتەکانی تەعریب (عەرەباندن)، و ڕێکارە ئەمنییە پێشێلکارەکانی مافی خاوەندارێتی بوون، کە لە کاتی ڕشتنی خوێنی هاووڵاتییانی مەدەنی لە ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی ٢٠٠٤دا گەیشتە لوتکە. لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی سووریا لە ساڵی ٢٠١١دا، چەندین هێزی سیاسی و چالاکوانی کۆمەڵایەتی، گەنجان و ژنانی کورد لە چوارچێوەی ئەنجومەنەکەدا یەکیان گرت، و خەباتی ئاشتییانەی دیموکراتی و چارەسەری سیاسییان وەک ڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە ستەمکاری و بنیاتنانی سووریایەکی ئازاد، دیموکراتی و ناناوەندی گرتەبەر، کە مافی سەرجەم ڕۆڵەکانی زامن بکات.
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی پێشوو لە ٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، و چوونە ناو قۆناغێکی گواستنەوەی وڵات بە سەرۆکایەتیی سەرۆک ئەحمەد شەرع، ئەنجومەن بە ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتی و کرانەوە بەڕووی چارەسەرە سیاسییەکاندا مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییە هەنووکەیییەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوە جیاوازەکان، ئەمەش بە پشتبەستن بە بەرنامە سیاسییەکەی و دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی.
ئەنجومەن جەخت لەوە دەکاتەوە کە سەرکەوتنی قۆناغی گواستنەوە و بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەقامگیر، پێویستی بە هاوبەشییەکی ڕاستەقینەی نیشتمانی هەیە کە زامنی بەشداریکردنی گەلی کورد بکات وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە داڕشتنی داهاتووی وڵات و دروستکردنی بڕیاردا.
هەروەها ئەمە پێویستی بە کاراکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و گەڕاندنەوەی ڕۆڵی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانیان هەیە، لەگەڵ زامنکردنی بەشداریی دادپەروەرانە لە دامەزراوە نوێنەرایەتییە جیاوازەکاندا لە ڕێگەی یاساگەلێکەوە کە ڕەچاوی فرەیی و یەکسانیی دەرفەتەکان بکەن، بە شێوەیەک کە هاوسەنگیی نیشتمانی بەهێز بکات و بناغە بۆ ژیانێکی سیاسیی دامەزراو لەسەر فرەیی، لێپرسینەوە و سەروەریی یاسا دابنێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجومەن بە پێزانینەوە دەڕوانێتە مەرسوومی ژمارە (١٣)ی دەرچوو لەلایەن سەرۆک ئەحمەد شەرعەوە، وەک هەنگاوێک کە دەکرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و ئاسەوارەکانی سیاسەتە جیاکارییە کەڵەکەبووەکان.
و جەختیش دەکاتەوە کە وەرگێڕانی هەڵوێستە ئەرێنییەکان بۆ واقیعێکی بەرجەستە، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکار و مەرسوومە استثنایی و جیاکارییەکان هەیە، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئاسەوارەکانی پشتێنەی عەرەبی، سیاسەتەکانی تەعریب، و بڕیارەکانی لیژنەکانی باوەڕپێکردن (لێژنەکانی ئیعتماد)، هەروەها پەسەندکردنی ڕێڕەوێکی ڕوون بۆ دادپەروەریی قۆناغی گواستنەوە و لێپرسینەوە کە زامنی قەرەبووکردنەوە و مافدانان بۆ زەرەرمەندان بکات.
هاوکات جەخت لەسەر پێویستیی ڕەخساندنی بارودۆخی ئارام بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و دەربەدەرەکان بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان دەکاتەوە، کە لە پێشەنگیاندا عەفرین، سەرێکانی (ڕەئسولعەین)، و گرێ سپی (تەل ئەبیەز) دێن، لەگەڵ پاراستنی ماف و مومتەلەکاتەکانیان بە پشتبەستن بە بڕیارە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و لە سەرووی هەموویانەوە بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لەسەر ئەو بنەمایەی کە چارەسەرکردنی ستەمەکان و چەسپاندنی سەقامگیری پێویستی بە گەرەنتیی دەستووریی ڕاشکاوانە هەیە، ئەنجومەن دووپاتی دەکاتەوە کە پێداگرە لەسەر داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ کە بناغە بۆ کۆمارێکی سووریای دیموکراتی و فرەیی بە سیستمێکی فیدراڵی دابنێت کە زامنی بەشداری بێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، و فرەییی نەتەوەیی و کولتووری بپارێزێت، و هاووڵاتیبوونی یەکسان، دادپەروەری و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری بچەسپێنێت.
هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی داننانی دەستووری بە بوونی نەتەوەییی گەلی کورد و مافە ڕەواکانیدا دەکاتەوە، لەگەڵ پەسەندکردنی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە ناوچە کوردییەکاندا شانبەشانی زمانی عەرەبی، و پێداچوونەوە بە دابەشکردنە کارگێڕییەکاندا بە شێوەیەک کە ڕەچاوی تایبەتمەندیی نەتەوەیی و جوگرافیی ئەم ناوچانە بکات و زامنی بەڕێوەبردنیان بکات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و کارا لە چوارچێوەی یەکپارچەییی وڵاتدا.
لە هەمان کاتدا، ئەنجومەن جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان دەکاتەوە، کە لە پێشەنگیاندا پێکهاتەی ئێزیدییە، ئەمەش لە ڕێگەی داننان بە تایبەتمەندییە ئایینی و کولتوورییەکەیدا، و بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنیی بێلایەن بەرامبەر بە ئایين و بیروباوەڕەکان، کە ناسنامەیەکی نیشتمانیی گشتگیر بەرجەستە بکات کە ڕێز لە فرەیی بگرێت و ئازادی و کەرامەت بۆ سەرجەم هاووڵاتییان زامن بکات.
هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئەرکە نیشتمانییانەدا، ئەنجومەن درک بە گرنگیی کۆنگرەی پێنجەمی خۆی دەکات کە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا ببەسترێت، و پێویستە ببێتە وێستگەیەکی جیاکەرەوە بۆ نوێکردنەوەی ڕۆڵی خۆی و لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکاندا بگونجێت، هەروەها پێکهاتەی ڕێکخراوەیی و سیاسیی خۆی پەرە پێ بدات و میکانیزمەکانی کارکردن و پەیڕەوی ناوخۆی نوێ بکاتەوە، و دیدگایەکی ستراتیژیی کاراتر پەسەند بکات کە دەرفەت بۆ تواناکانی گەنجان بڕەخسێنێت و بەشداریی ژنان لە دروستکردنی بڕیاردا بەهێزتر بکات.
هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی پێویستی بە بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە و هاندان و بەتاوانناساندنیان هەیە، لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی بە هەموو شێوەکانییەوە، و باشترکردنی بارودۆخی بژێویی هاووڵاتییان، و چەسپاندنی شەفافییەت و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری، بە شێوەیەک کە متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکان بەهێز بکات و زەمینە خۆش بکات بۆ دروستبوونی دەوڵەتێک کە ڕێز لە یاسا بگرێت، و ئازادیی کاری سیاسی زامن بکات، و بە تەواوی لە پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو داببڕێت.
لەسەر ئاستی نەتەوەیی و کوردستانیش، ئەنجومەن پابەندبوونی خۆی بە بەهێزکردنی پەیوەندییە برایەتی و خەباتگێڕییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق - سەرۆکایەتی، حکومەت و گەل - دووپات دەکاتەوە، و ڕۆڵی نەتەوەیی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەوڵە بەردەوامەکانی لە پاڵپشتیکردنی پرسی کورد و بەهێزکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی بەرز دەنرخێنێت. هەروەها پێداگریی خۆی لەسەر دەرەنجامەکانی کۆنفڕانسی یەکهەڵوێستی و یەکڕیزیی کورد کە لە ساڵی ٢٠٢٥ لە قامشلۆ بەڕێوە چوو، و ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکانی پێشوو وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی بۆ گفتوگۆ و یەکخستنی دیدگای کوردی دووپات دەکاتەوە.
هەروەها ئەنجومەن جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان هێزە کوردییەکان، و پاڵپشتیکردنی خەباتی گەلی کورد لە سەرجەم بەشەکانی کوردستان و لە تاراوگە دەکاتەوە، لەگەڵ ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی هەر بەشێک، و کارکردن بۆ پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان بە شێوەیەک کە خۆڕاگریی گەلی کورد بەهێزتر بکات و پارێزگاری لە خواستە ڕەواکانی بکات.
لە کۆتاییدا، ئەنجومەن جەخت لە بەردەوامیدان بە خەباتی سیاسیی ئاشتییانە و دیموکراتیی خۆی دەکاتەوە لەپێناو سووریایەکی ناناوەندیی دیموکراتیی فرەیی، کە لەسەر بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و هاووڵاتیبوونی یەکسان و سەروەریی یاسا دامەزرابێت، و تێیدا گەلی کورد هاوبەشێکی ڕەسەن بێت لە بنیاتنانی دەوڵەت و داڕشتنی دەستوورەکەیدا، و مافی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی، کولتووری و ئایینییەکانی تێدا پارێزراو بێت.
شکۆمەندی بۆ شەهیدانی ئازادی، و کەرامەت بۆ گەلی کورد و سووریامان.
ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا
قامشلۆ – ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦







