لەگەڵ دابارینی بارانی بەخوڕ و نالەباریی کەشوهەوا، بارودۆخی ژیانی ئاوارەکانی دەڤەری "سەرێکانی" لە هەردوو کەمپی (واشۆکانی) و (نەورۆز) گەیشتووەتە ئاستێکی سەخت، بەهۆی دزەکردنی ئاوی باراناو بۆ ناو خێمەکان و لەناوچوونی پێداویستی و خۆراکەکانیان، ئاستەنگییەکی زۆر بۆ بەڕێکردنی ژیانی ڕۆژانە و خۆپاراستنیان لە سەرما دروست بووە.
وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان قەبارەی گەورەی زیانەکان پێشان دەدەن، هاوکات ئاوارەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگەوازی مرۆیی بەپەلە ئاراستەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و خێرخوازییەکان دەکەن بۆ گەیاندنی دەستبەجێی هاوکاری، دابینکردنی خێمە، جلوبەرگی زستانە و کەرەستەی گەرمکەرەوە، لەپێناو کەمکردنەوەی ئازارەکانیان لە ژێر کاریگەریی ئەم کەشوهەوا سەختەدا.







