بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی خستەڕوو و ڕایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبروسکە ناوچەکە دەگرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی تشرینی یەکەم، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم ڕایگەیاند: ئاسمان لە نیمچەهەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو. سەرەتا لە بەشی ڕۆژئاوا بەتایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و سنووری پارێزگای دهۆک نمەباران دەست پێدەکات، پاش نیوەڕۆ ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە، دواتریش لە درەنگانی شەودا دەگاتە سنووری پارێزگای سلێمانی. هەروەها پلەی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ نزم دەبێتەوە.
بۆ سبەی پێنجشەممە 29ی تشرینی یەکەم، بە پێی پێشبینیەکانی کەشناسیی، شەپۆلی بارانبارین لە سەرجەم ناوچەکان بەردەوامیی دەبێت، باران بە شێوەی بارانی مامناوەند و هەندێک کاتیش بە نمەبارانی پچڕپچڕ دەبێت، هاوکات لەگەڵ دروستبوونی هەورەبروسکە. هەروەها پلەی گەرما هاوشێوەی پلەکانی ئەمڕۆ دەبێت و لە هەندێک ناوچەش کەمێک نزم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی:
| شار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان | چوارشەممە | پێنجشەممە |
| هەولێر | 30 | 29 |
| سلێمانی | 28 | 27 |
| دهۆک | 28 | 27 |
| هەڵەبجە | 29 | 28 |
| زاخۆ | 28 | 26 |
| چەمچەماڵ | 29 | 29 |
| پیرمام | 26 | 25 |
| ئاکرێ | 29 | 28 |
| گەرمیان | 33 | 33 |
| حاجی ئۆمەران | 18 | 17 |







