ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و بابەتی بەشی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و ئەنجامەکانی گفتوگۆکان دەخاتە بەر باس و پشکنین.
بەڕێوەبەرایەتی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە.
لە بەشی یەکەمی ئەم کۆبوونەوەیەدا، گفتوگۆکان دەربارەی ئەنجامەکانی دوا کۆبوونەوەی دەستەی دانوساندنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکرێن؛ ئەو کۆبوونەوەیەی لە ڕۆژی ۲۴ ئەم مانگەدا، تایبەت بە بڕگە پێشنیارکراوەکانی ماددەی ۱۰ لە ڕەشنووسی یاسای بودجە بەڕێوەچوو.
ئەندامانی دەستەی دانوساندن، ئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
لە بەشی دووەمیشدا، ئەنجامەکانی سەفەری دەستەیەکی بەرزی حکومەتی فیدراڵ بە سەرپەرەشتی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و بە بەشداری وەزیرانی نەوت و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان، دەربارەی پەڕاوەکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنووسی یاسای بودجەی فیدراڵ، دەخرێنە ڕوو و پشکنین دەکرێن.







