بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشوهەوا و زەویناسیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە بەهۆی چوونەژوورەوەی سیستەمێکی کەمفشار لە دەریای ناوەڕاستەوە، ئاسمانی هەرێم لە نیمەهەورەوە گۆڕاوە بۆ تەواو هەور و شەپۆلێک لە باران چەندین ناوچەی هەرێم دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کەشوهەوا، ئەمڕۆ چوارشەممە، بارانی پەرتەوازە (بارانی نەرم) لە بەشی ڕۆژئاوایی هەرێم، بە تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی زاخۆ و سنووری پارێزگای دهۆک دەست پێدەکات. پاشان لە دوای نیوەڕۆدا، ناوچە شاخاوییە بەرزەکان، سنووری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە و لە کۆتایی شەودا چاوەڕێ دەکرێت باران بگاتە سنووری پارێزگای سلێمانی.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی پێنجشەممە شەپۆلی باران بەردەوام دەبێت و لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم، بارانی مامناوەند و هەندێک جاریش بارانی پەرتەوازە و کاتی ڕوودەدات. هەروەها لەگەڵ باراندا، ڕوودانی ھەورە تریشقەش پێشبینی دەکرێت.
ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ئاماژەی بەوە دا کە خێرایی با لە ڕۆژی پێنجشەممەدا لەنێوان ۱۰ تا ۱۵ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و ئاراستەکەی ڕۆژهەڵاتیباڵابوونەوەیی دەبێت. بینینی ئاسۆیییش لەنێوان ۸ تا ۱۰ کیلۆمەتر مەزەندە کراوە.
بەپێی ئەم پێشبینییە، پلەی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم بەراورد بە ئامارەکانی پێشوو کەم دەبێتەوە یان نزیک لەوە دەبێت. زۆرترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ڕۆژی چوارشەممە لە هەولێر ۳۰ پلەی سێلسیۆس، سلێمانی ۲۸ پلە، دهۆک و زاخۆ ۲۸ پلە و گەرمیان ۳۳ پلە دەبێت.
هەروەها پلەی گەرما لە پیرەمام ۲۶ پلە، حەڵەبجە ۲۹ پلە، چەمچەماڵ ۲۹ پلە، ئاکرێ ۲۹ پلە و حاجی ئۆمەران ۱۸ پلەی سێلسیۆس پێشبینی کراوە.
بۆ ڕۆژی پێنجشەممەش، زۆرترین پلەی گەرما لە هەولێر ۲۹ پلە، سلێمانی ۲۷ پلە، دهۆک ۲۷ پلە، زاخۆ ۲۶ پلە، هەڵەبجە ۲۸ پلە، چەمچەماڵ ۲۹ پلە، پیرەمەگروون ۲۵ پلە، ئاکرێ ۲۸ پلە، گەرمیان ۳۳ پلە و حاجی ئۆمەران ۱۷ پلەی سەدی دەبێت.







