بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، دوای ئەوەی دوو تۆمەتبار بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە تەقەیان لە شوقەکانی "ئێسکان تاوەر" لە گەڕەکی ئێسکانی شاری هەولێر کرد، لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکران.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی هەولێر، ڕووداوەکە لە ڕێکەوتی 28ـی تشرینی یەکەمی 2026 ڕووی داوە. تۆمەتباران کە بە ناوەکانی (ص. ف. م.) و (ر. ئـ. م.) ناسراون، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ نیشتەجێیەکی ئەو باڵەخانەیە، ئاژاوەیان دروست کردووە و دەستڕێژی گولـلەیان لە شوقەکان کردووە.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، دەستبەجێ دوای ڕووداوەکە و بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان، هەردوو تۆمەتبارەکە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ هەڵاتن بەرەو دەرەوەی شاری هەولێر دەستگیرکراون.
هەروەها ئاشکرا کراوە کە دەست بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەدا گیراوە کە لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا بەکاریان هێناوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەشیان ئاراستەی دادگا کراوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر سوپاسی هاووڵاتییانی کردووە کە لە پێدانی زانیاری و هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە ڕۆڵیان هەبووە.







