سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پاڵپشتیکردنی بۆ بنیامین نەتانیاهۆ ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە بەدەستهێنانی ئەنجامی چاوەڕواننەکراو لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئیسرائیل و ئەگەری شکستەکەی گۆڕیوە بۆ سەرکەوتن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کاتی گەڕانەوەی لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی تەکساس لە شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: پاڵپشتیکردنی لە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، یارمەتیدەر بووە لەوەی نەتانیاهۆ ئەنجامێکی زۆر باشتر لەوەی پێشبینی دەکرا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەدا بەدەستبهێنێت، ترەمپ پێی وایە ئەو پشتیوانییەی وای کردووە کە ئەگەری شکستێکی مسۆگەر بگۆڕێت بۆ کێبڕکێیەکی لەیەکتر نزیک و ڕەنگە سەرکەوتنێکی شایستەش.
سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: " لە ڕاستیدا بیستوومە کە ئەنجامێکی زۆر باشی بەدەستهێناوە، کێبڕکێیەکە زۆر لەیەکتر نزیکە و ئەمەش شتێکی زۆر باشە، کاتێک من پشتیوانیی خۆم بۆ ئەو ڕاگەیاند، ئەوە یارمەتییەکی یەکجار زۆری دا".
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا بەرەی نەتانیاهۆ (27) کورسی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا بەرەی گادی ئایزنکۆت (21) کورسی مسۆگەر کردووە، هاوکات لیستە عەرەبییەکان توانیویانە (15) کورسی بەدەستبهێنن.







