بارەگای بارزانی بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەی «مێری» (MERI Forum) بڵاوکردووەتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە کۆبوونەوەی مێری ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شێوەیەکی شایستە، لە بانگهێشتکردنی میوانان و پانێڵەکانی خۆی، فرەدەنگیی سیاسی و بەشداریی ڕەوتە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.
لە بەیاننامەی بارەگای بارزانیدا هاتووە: لە کۆبوونەوەیەکی ئەوەندە گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی کێشەی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە بەشداریی هەموو ڕەوتەکانەوە ڕەنگ بداتەوە؛ بە هەمووان ڕادەگەیەنین کە مێری هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە.
دەقی بەیاننامەی بارەگای بارزانی:
بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی مێری ۲۰۲۶ لە شاری هەولێر، جێی داخە کە ئەم کۆمەڵەیە ئەمساڵ نەیتوانیوە بە شێوەیەکی شایستە، لە بانگهێشتکردنی میوانان و پانێڵەکانی خۆی، فرەدەنگیی سیاسی و بەشداریی ڕەوتە سیاسییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان لەبەرچاو بگرێت.
لە کۆبوونەوەیەکی ئەوەندە گرنگدا، پێویست بوو نوێنەرایەتیی کێشەی نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بە بەشداریی هەموو ڕەوتەکانەوە ڕەنگ بداتەوە.
ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بووەتە هۆی نیگەرانیی خەڵکی خەباتکار و ڕەسەنی بەشەکانی دیکەی کوردستان و دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی جیاوازی و دووبەرەکی لەنێوان کوڕانی نەتەوەی کوردستان. بە هەمووانیش ڕادەگەیەنین کە (مێری) هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە.
بارەگای بارزانی
۱۳ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶







