لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و کارزان عەبدولهادی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 717 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆ هەردوو گەڕەکی گوندی کۆری و گردجووتیار دانرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەم، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 717 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانی بۆ هەردوو گەڕەکی گوندی کۆری و گردجووتیار دانرا.
پڕۆژەی یەکەم بریتییە لە کردنەوەی شەقامە ناوخۆییەکان و تێکەڵەڕێژکردنی زۆنی A لە گەڕەکی گوندی کۆری، هاوکات پڕۆژەی دووەمیش لە گردجووتیار تایبەتە بە ڕووپێویکردن و دانانی سەرەبلۆک بۆ ئەو کەرتە، وەک هەنگاوی یەکەمی گەیاندنی خزمەتگوزاریی بنەڕەتی بۆ گەڕەکە نوێیەکان.
لە میانی ڕێوڕەسمەکەدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی کارە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی ئەم دوو پڕۆژە گرنگەمان دانا، سەرەڕای ئاستەنگ و دۆخی سەختی دارایی، بەڵام دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی حکوومەت بەپێی ڕاسپاردەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هیچ بارودۆخێکدا ناوەستێت و بەردەوام دەبێت.
لای خۆشییەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژانە قۆناغی یەکەمی دەستپێکردنی ئاوەدانکردنەوەی ئەو گەڕەکانەن کە تازە فراوان دەبن و ڕێپێدانیان بۆ کراوەتەوە، جێبەجێکردنیشیان لەسەر داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرە. پارێزگاری هەولێر جەختیشی کردەوە کە بەهۆی هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی خەرجییەکان، توانراوە وێڕای پڕۆژە ستراتیژییەکان، وەڵامی داواکاری و خواستە هەنووکەییەکانی هاووڵاتییانیش لەو ناوچانە بدرێتەوە.







