لیژنەی تەندروستیی سەر بە قایمقامییەتی قەزای بەردەڕەش ڕایگەیاند، لە ماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی بوونی دەرمانی قاچاخ و ماوەبەسەرچوو شەش شوێنی تەندروستییان داخستووە و دەستیان بەسەر 69 پاکەت دەرمانی بێ ستیکەردا گرتووە.
لە چوارچێوەی بەردەوامیی بەدواداچوونەکانی لیژنەکانی قایمقامییەتی قەزای بەردەڕەش، لیژنەی تەندروستی پشکنینەکانی خۆی بۆ دەرمانخانە، نۆرینگە و تاقیگەکانی سنوورەکە چڕتر کردووەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووە، لە ماوەی (15) ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، نەبوونی مۆڵەت و دەستکەوتنی دەرمانی ماوەبەسەرچوو، قاچاخ، بێ ستیکەر و قەدەغەکراو، شەش شوێن داخران کە پێکهاتوون لە سێ دەرمانخانە، دوو نۆرینگەی پزیشکی و شوێنێکی برینپێچی، هەروەها لە میانی پشکنینەکاندا دەست بەسەر (69) پاکەت دەرمانی قاچاخ و بێ ستیکەردا گیراوە.
لیژنەی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، شوێنێک سزای دارایی دراوە، پێنج بەڵێننامە تۆمار کراون و (10) شوێنی دیکەش هۆشدارییان پێدراوە، هاوکات جەخت لەوە کراوەتەوە کە پشکنین و بەدواداچوونەکانیان بەردەوام دەبێت بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچییەک لە کەرتی تەندروستیدا.







