بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 و یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکان، سەردانی بەغدا بکات.
بایز زراری، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان تیڤی" ڕایگەیاند: "شاندەکەی هەرێم لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە کۆ دەبێتەوە، تاوەکو لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیدا بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش."
بەگوێرەی زانیارییەکان، شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران؛ د. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران؛ عەبدولکەریم خەسرەو و ژمارەیەک ڕاوێژکاری شارەزای وەزارەتی دارایی پێکهاتووە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆژەیاساکە، بایز زراری ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی دوایین زانیارییەکان، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا دەقی پڕۆژەیاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت، بە مەبەستی پەسەندکردنی و دواتریش ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران.







