سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دا بەهەمیشەییکردنی سەرجەم کارمەندانی گرێبەست و ڕۆژانە لەسەر میلاکی هەمیشەیی، هاوکات لە ناو پڕۆژەیاسای بودجەی 2027ـدا 120 هەزار پلەی وەزیفیی نوێ بە شێوەی گرێبەست و بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بۆ پارێزگاکان تەرخان دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆک وەزیران و فالح ساری، وەزیری دارایی، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵیی ساڵی (2027)ـی کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا فەرمانی داوە بە بەهەمیشەییکردنی سەرجەم کارمەندانی گرێبەست و ڕۆژانە لەسەر میلاکی هەمیشەیی، هاوشانی ئەوەش، هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەشدا، لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی (2027)ـدا، بڕیاری ڕەخساندنی (120) هەزار پلەی وەزیفیی نوێ بە شێوەی گرێبەست دراوە، کە سەرجەم چین و توێژەکان بگرێتەوە و بە شێوازێکی دادپەروەرانە بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بکرێت، لەگەڵ کردنەوەی پلاتفۆرمێکی تایبەت بە دامەزراندن لە پێناو دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە نێوان سەرجەم پێشکەشکاراندا.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونی کردەوە، حکوومەت کار دەکات بۆ دابینکردنی تەرخانکراوی دارایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بە جۆرێک کە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی ڕێکارەکانی بەهەمیشەییکردن و هێنانەکایەی پلە وەزیفییە نوێیەکان بەپێی ڕێنمایی و چوارچێوە پەسەندکراوەکان بکات.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پەرۆشیی حکوومەتدایە بۆ ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و بەهێزکردنی سەقامگیریی پیشەیی و بژێوی، سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگاری و فشارە دارایییانەی کە ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە.







