ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناحیەی شۆڕش سەر بە قەزای چەمچەماڵ، ئۆتۆمبیلێک کۆنترۆلی لەدەستدا و خۆی کێشا بە ستوونێکی کارەبادا، لە ئەنجامدا شۆفێرەکە گیانی لەدەستدا و دوو سەرنشینیش بریندار بوون.
بێستوون فەریق پەیامنێری کوردستان تیڤی لە چەمچەماڵ ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لەسەر ڕێگای سەرەکیی ناحیەی شۆڕش - چەمچەماڵ، لە ناو ناحیەی شۆڕش، بەهۆی خێرایی زۆر و پابەندنەبوون بە ڕێنماییەکانی هاتوچۆ، ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا کامری) کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی کێشا بە ستوونێکی کارەبادا.
بەپێی زانیارییەکان، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا شۆفێری ئۆتۆمبیلەکە بە ناوی (میران هەژار هەمەوەندی) دەستبەجێ گیانی لەدەستدا، هاوکات دوو کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون و بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و لە ئێستادا باری تەندروستییان جێگیرە.







