بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی زانکۆی پالێرمۆی ئیتاڵی، چەندین دۆزینەوەی نوێی لە شوێنەواری "گرێ گوومبەس" لە دهۆک ڕاگەیاند، کە پێنج چینی نیشتەجێبوونی سەردەمی گواستنەوەی نێوان چاخی مسین و برۆنزی کۆن ئاشکرا دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە: لە بەردەوامیی هەڵکۆڵینە شوێنەوارییەکان لە شوێنەواری "گرێ گوومبەس"، بە هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک و زانکۆی پالێرمۆی ئیتاڵی، دۆزینەوەی نوێی گرنگ ئەنجام دران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: شوێنەواری گوومبەس یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، دوایین دۆزینەوەکانیش دەریانخستووە کە ژیان لەم شوێنەدا بەردەوام بووە لە قۆناغی گواستنەوەی نێوان چاخی مسین (چالکۆلیتیکی نوێ) و چاخی برۆنزی کۆندا، واتە لە کۆتایی هەزارەی چوارەمی پێش زایین و سەرەتای هەزارەی سێیەمی پێش زایین.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجامە نوێیەکان پێنج چینی نیشتەجێبوونیان دەرخستووە کە پێکهاتوون لە: پاشماوەی بینای خشت (لبن)، شوێنی کۆگاکردن، تەنوور، لەگەڵ هەندێک پاشماوە کە بوونی چالاکیی کارگێڕیی ئەو سەردەمە دەردەخەن، وەک مۆری تایبەت.







