کۆمیتەی فەتوای هەرێمی کوردستان بەدەستهێنانی فەتوا لە زیرەکی دەستکرد بە هەڵە دەزانێت و دەڵێت: باشترە هاووڵاتیان بۆ پرسیارە ئایینییەکان پشت بەو تەکنەلۆژییە نەبەستن.
د. حەسەن پشدەری، ئەندامی کۆمیتەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکدا ڕایگەیاند: «بەدەستهێنانی فەتوا لە زیرەکی دەستکرد (چاتجیپیتی) دروست نییە، چونکە زۆربەی وەڵامەکانی بێ سەرچاوەن.»
ئەو هەروەها ڕوونی کردەوە: ئەگەر دەربارەی بابەتێک لە (چاتجیپیتی) بپرسێت و وەڵامەکەی لەگەڵ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو پێشکەش بکات، دوای ئەوەی خودی هاووڵاتییەکە ئەو سەرچاوەیەی پشکنینی کرد و دڵنیابوو کە ناوەڕۆکەکەی لەگەڵیدا هاوتەریبە، ئەوا کێشەی نییە.
ئەو لە بەردەوامیدا ئاماژەی کرد: «لە زۆربەی کاتەکاندا، وەڵامەکانی ئەم تەکنەلۆژییە بێ سەرچاوەن یان ئەو سەرچاوانەی باس کراون زانیارییەکیان تێدا نییە کە (چاتجیپیتی) دەربارەیان قسە دەکات؛ بۆیە باشترە هاووڵاتیان بۆ بەدەستهێنانی فەتوا پشت بەو تەکنەلۆژییە نەبەستن.»







