دوای 5 ڕۆژ لە ونبوونی لە دەڤەری "نەهلێ" سەر بە قەزای ئاکرێ، کچێکی گەنج بە ناوی شیرین یاسین بە زیندوویی دۆزرایەوە و بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە، دەستبەجێ گەیەندرایە نەخۆشخانە.
شیرین یاسین، تەمەن 24 ساڵ، کە خاوەن پێداویستیی تایبەتە (توانای قسەکردن و بیستنی نییە)، لە چەمی نێوان هەردوو گوندی "کەشکەڤا" و "باکرمان" لەلایەن هاووڵاتییانی ناوچەکەوە دۆزرایەوە.
ناوبراو پێنج ڕۆژ لەمەوبەر لە ماڵ چووبووە دەرەوە و بێسەروشوێن ببوو، لەو ماوەیەشدا سەدان کەس لە خەڵکی دەڤەری نەهلێ بە هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەڵمەتێکی بەرفراوانی گەڕان و پشکنینیان ئەنجام دا تا سەرەنجام توانرا بدۆزرێتەوە.
بەهۆی ئەوەی لە کاتی دۆزینەوەیدا دۆخی تەندروستیی ناجێگیر بووە، بە پەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی "گوڵان" لە ئاکرێ کراوە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیی پێویست.
جێی ئاماژەیە، ئەمە دووەم جارە ناوبراو ون دەبێت، نزیکەی مانگێک لەمەوبەریش بۆ ماوەی 3 ڕۆژ لە سنووری دەڤەری "زێبار" بێسەروشوێن ببوو، پاش دۆزینەوەشی لە نەخۆشخانەی "بلێ" چارەسەری بۆ کرابوو.







