پرزیدەنت بارزانی بەخێرهاتنی بە خانمی گویندلین (ویندی) گرین، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کرد. پرزیدەنت بارزانی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ فراوانکردنی زیاترەی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە بوارە جیاوازەکاندا هەڵسەنگاند. لە بەرامبەردا، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خۆی بە پشتیوانی سەرەکیی خەڵکی کوردستان دەزانێت و ڕێزێکی تایبەتی بۆ پایەی پرزیدەنت بارزانی دادەنێت.
ڕۆژی چوارشەممە، ۱۴ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶، لە پیرەمام پرزیدەنت مەسعود بارزانی بە خانمی گویندلین (ویندی) گرین، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەخێرهێنا. لەم دیدارەدا، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لەگەڵ دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی بە دەستپێکردنی کارەکەی وەک کۆنسوڵی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا کردەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی خۆی بە پشتیوانی سەرەکیی خەڵکی کوردستان دەزانێت، ڕێزێکی تایبەتی بۆ پایەی پرزیدەنت بارزانی لە عێراق و ناوچەکە دادەنێت و هیوا خواست کە هەرێمی کوردستان وەک ڕابردوو بە بەشداریکردنی خۆی لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە بەردەوام بێت.
پرزیدەنت بارزانییش لەگەڵ بەخێرهێنانی گەرمی کۆنسوڵی ئەمریکا، سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانی و یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستەکانی داعش. پرزیدەنت بارزانی دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانی بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە پێناو پەرەپێدانی زیاترەی پەیوەندییە دوولایەنەکان لە بوارە جیاوازەکاندا دانا.
هەروەها لەم دیدارەدا، دەربارەی بارودۆخی ناوچەکە ئاڵوگۆڕی بۆچوون کرا و هەردوو لایەن جەختیان لەسەر پێویستی دامەزراندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە کردەوە.







