دەزگای دژەتیرۆری عێراق نوێترین زانیاری لەبارەی شەڕەكەی ئەمڕۆی نێوان هێزەكانیان و سێ تیرۆریستی داعش لە شارۆچكەی پردێ لە سنووری پارێزگای كەركووك بڵاوكردەوە.
دژەتیرۆری عێراق لە روونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنێت: هێزەكانمان ئەمڕۆ یەكشەممە ئۆپەڕاسیۆنێکی تایبەتیان لە شارۆچكەی پردێ لە سنووری پارێزگای کەرکووک ئەنجامدا.
دژەتیرۆری عێراق ئاشكراشی كرد: هێزەكانمان لە ئۆپەڕاسیۆنەكەدا ڕووبەڕووی سێ تیرۆریستی داعش بوونەوە، لە ئەنجامدا دوو تێرۆریست کوژران و تیرۆریستی سێیەمیان دەستگیر کرا.
دژەتیرۆری عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە ئۆپەراسیۆنەكە بە فەرمانی دادوەر و لە چوارچێوەی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگیرییەكان بۆ ڕاوەدوونانی تێرۆریستانی داعش، ئەنجامدراوە.
پێشتریش شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لەبارەی شەڕەكە رایگەیاندبوو: جگە لە كوژرانی دوو تیرۆریستە داعشەكە و دەستگیركردنی ئەوەی سێیەمیان، دوو ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراقیش لە ئۆپڕاسیۆنەكەدا بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشدابوو كە بەداخەوە لە كاتی رووبەڕووبوونەوەكەدا هاووڵاتییەك (كە مێرمنداڵێكی كوردە) فیشەكی بەركەوتووە و كوژراوە.







