بە بۆنەی دووەمین ساڵیادی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەماندا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئامادەیی پارتی بۆ چالاککردنەوەی پەرلەمانی ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەکەدا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: «ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تێدەپەڕێت؛ ئەو ڕۆژەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئاستێکی بەرزی بەشداری و بە بەرپرسیارێتی دەنگیان دا و خواستی خۆیان بۆ پاراستن و دروستکردنی داهاتوویەکی ڕووناک بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی. بەڵام بەداخەوە تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان چالاک نییە و نەیتوانیوە ئەو ئەرکە یاساییانەی لە سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لێی چاوەڕوان دەکرێت، جێبەجێ بکات.»
لە بەردەوامی بەیاننامەکەدا هاتووە: «بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتێکدا جەخت لەسەر هەڵوێستی جێگیری خۆمان لە ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی و کارامەیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە، دووبارە یاددەخەینەوە کە هەمیشە ئامادە بووین بۆ چالاککردنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی. هەروەها هەمیشە خاوەن و پشتگیری هەموو ئەو هەنگاو و دەستپێشخەرییانە بووین کە بۆ ئەم مەبەستە پێشکەش کراون. بۆیە لە هەموو فراکسیۆنە بەڕێزەکانی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشت دەکەین کە زووترین کات لەگەڵ یەکدا ئەرکی مێژوویی و یاسایی خۆمان جێبەجێ بکەین و هەنگاو بنێین بۆ تەواوکردنی قۆناغەکان و ئەرکەکانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتییەکەی؛ وەک دەستپێکێکی گرنگ بۆ چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و لە پێناو ڕێزگرتن و وەڵامدانەوە بە داواکارییەکانی هەموو توێژ و چینەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خێراکردنی چالاککردنەوەی پەرلەمان.»
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها زیادیکرد: «فراکسیۆنەکەمان جەخت لەسەر پابەندبوونی خۆی بەرامبەر دەنگدەران و هەموو خەڵکی کوردستان دەکاتەوە و باوەڕمان وایە ئەرکی پاراستنی پێکهاتەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە بەرزەکانی، لە ئەستۆی هەموو فراکسیۆن و نوێنەرانی پەرلەمانە. لەبەر ئەوە، چالاککردنەوەی پەرلەمان نابێت بە هیچ جۆرە بەرژەوەندی و ناکۆکییە سیاسی و حیزبییەکانەوە گرێ بدرێت، چونکە ئەم بابەتە نیشاندەری ڕەوایەتی دەنگی خەڵک و ڕەوایەتی مانەوەی پێکهاتەی هەرێمی کوردستانە. لە کۆتاییدا، هیوادارین ئەم دۆخە نالەبارە تێپەڕێت و بە دیدگایەکی هاوبەش و بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، هەموومان پێکەوە بە چالاککردنەوەی پەرلەمان ڕێز لە ماف و خواستی خەڵکی کوردستان بگرین و پێکەوە بەرەو قۆناغێکی نوێی کاری پەرلەمانی و پێشخستنی پرۆسەی یاسایی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕەهەندەکاندا هەنگاو بنێین.»







