هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق ڕایگەیاند، گەشتی ڕاستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ شاری ئەنتاڵیای تورکیا دەست پێ دەکات و دوو گەشت لە هەفتەیەکدا لە ڕۆژانی سێشەممە و هەینیدا دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی تەمووز، هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق دەستپێکردنی گەشتە ڕاستەوخۆکانی لە نێوان کەرکووک و ئەنتاڵیا لە 14ـی تەمووزەوە ڕاگەیاند.
کۆمپانیای هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕێڕەوێکی نوێی بۆ گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بەرەو شاری ئەنتاڵیای تورکیا کردووەتەوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پشووی هاوین و زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران.
لەبارەی کاتی گەشتەکان، مەناف عەبدولمونعم، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند: "قۆناغی نوێی کارپێکردنی ئەم هێڵە بریتی دەبێت لە دوو گەشت لە هەفتەیەکدا و لە ڕۆژانی سێشەممە و هەینیدا دەبێت".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کار دەکەن بۆ فراوانکردنی تۆڕی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی نیشتمانی، بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو خواستە زۆرەی کە لە وەرزی هاویندا بۆ گەشتکردن هەیە.







