حكوومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەنراوێكی لەبارەی بڕیارەكانی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڵاو كردەوە كە بڕیاری دابوو سەرجەم ئەو سكاڵایانە رەت بكاتەوە كە دژی حكوومەتی هەرێم تۆمار كرابوون.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە (19ی ئابی 2026)، دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، ئەو سکاڵایانەی ڕەت کردەوە کە لەلایەن هەریەک لە (وەزیری داراییی فیدراڵی، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ڕافیدەین، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی ڕەشید و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دڵنیاییی نیشتمانی)، لە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوون.
حكوومەتی هەرێم راشیگەیاند: ئەو سکاڵایانەی تۆمار کرابوون، تانەیان لە نادەستووریبوونی بڕیاری ژمارە (3326)ی ساڵی 1992 دەدا و داوای هەڵوەشاندنەوەیان دەکرد، کە پەیوەستە بە تۆمارکردن و گواستنەوەی خاوەنداریەتیی موڵک و باڵەخانە حکوومییەکان لە هەرێم بۆ سەر ناوی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش دا كە، دادگای فیدراڵی بڕیاری دا سەرجەم ئەو سکاڵایانە لەبەر نەبوونی تایبەتمەندیی دادوەری ڕەت بکرێتەوە.







