حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییەکە بۆ سەر کڵێسایەک لە پارێزگای کرەک لە شانشینی ئوردن مەحکوم کرد و لە هەمان کاتدا، سەرەخۆشی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ سەرکردایەتی، حکومەت و گەلی ئوردن نوێ کردەوە.
دەقی بەیاننامەی مەحکومکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە هێرشە تیرۆریستییەکە بۆ سەر کڵێسایەک لە پارێزگای (کرەک) لە شانشینی هاوڕێ، ئوردنی هاشمی مەحکوم دەکات؛ هێرشەکە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند هاووڵاتییەکی مەدەنی. لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێم نیگەرانی و کاریگەریی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەم کردەوە تاوانکارانە دەردەبڕێت؛ کردەوەیەک کە پێشێلکردنێکی ئاشکرای بەها مرۆییەکان و ئەو بنەمایانەیە کە ئازادیی پەرستش، پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان و ژیانی هاووڵاتییە مەدەنییەکان دڵنیایی دەکەن.
لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە دژایەتیی قایمی خۆی بۆ هەموو جۆرەکانی تیرۆر، توندوتیژی و توندڕەوی دەکاتەوە، هەروەها جەخت دەکاتەوە کە ئامانجگرتنی شوێنەکانی پەرستش و هەوڵدان بۆ دروستکردنی دابەشبوون و فیتنە لەنێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگا، هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی و هاوژیانیی ئایینی و هیچ ئەنجامێکی جگە لە تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری نابێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ شانشینی ئوردنی هاشمی، لە سەرکردایەتی و حکومەتەوە تا گەلەکەی، ڕاگەیاندووە و سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆی بۆ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕێت و بۆ بریندارەکان ئاواتی چاکبوونەوەی خێرا دەخوازێت.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگی بەهێزکردنی هاوکاری و هەماهەنگیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی دەکاتەوە، بۆ بەربەرەکانێکردن لەگەڵ تیرۆر بە هەموو شێوەکانی و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگاکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
۲۳ ئۆکتۆبەر ۲۰۲۶







