هونەرمەندی دێرینی شاری سلێمانی، فەرید عیسا نەزەر، کە یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەرانی تیپی مۆسیقای سلێمانی و ئاوازدانەری سروودی بەناوبانگی "کوردستان نیشتمانی کورد"، ئەمڕۆ لە وڵاتی سوید کۆچی دوای کرد.
فەرید عیسا نەزەر یەکێک بوو لە پێشەنگەکانی بواری مۆسیقای کوردی و لە شاری سلێمانی لەگەڵ دەستەیەک لە هونەرمەندانی هاوڕێی، بەردی بناغەی "تیپی مۆسیقای سلێمانی"یان دانا و ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا لە پێشخستن و پاراستنی هونەر و مۆسیقای ڕەسەنی کوردی.
یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە دێرینە لە مێژووی هونەری کوردیدا، دانانی ئاوازی سروودی نیشتمانیی "کوردستان نیشتمانی کورد، سوێندت پێ دەخۆم" بوو، کە تا ئەمڕۆش وەک یەکێک لە بەپێزترین سروودە نەتەوەییەکان لە یادەوەریی گەلی کوردستاندا ماوەتەوە.
ئەو هونەرمەندە چەندین ساڵ بوو لە تاراوگە و لە وڵاتی سوید نیشتەجێ بوو، ئەمڕۆ لەوێ کۆچی دوایی کرد.







