ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک ڕایگەیاند، پڕۆژەیەکی ستراتیجیی کشتوکاڵی لەسەر ڕووبەری 233 دۆنم و بە سەرمایەی 10 ملیۆن دۆلار لە کەرتی ماملیانی سنووری قەزای ئاکرێ دادەمەزرێت.
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە: خانیی شوشەیی بۆ چاندنی میوە، ساردکەرەوە، کارگەی بەرهەمهێنان و ئامادەکردنی میوە، کۆگا و شوێنی تایبەت بۆ چاندنی داروبار. هەروەها تەلاری کارگێڕی، باڵەخانەی خزمەتگوزاری و نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران، بیری ئاو، تانکیی ئاو لەگەڵ مۆتۆری پێویست، وێستگەی کارەبا، ڕێگەوبان، باخچە، سەوزایی و ناوچەی کراوە لەخۆ دەگرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی دهۆک ئاماژەی بەوە دا، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت.







