بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانیان لە سنووری ناحیەی پیرەمەگروون هاووڵاتییەکیان بە تۆمەتی گرتن و ڕاگرتنی باڵندەیەکی کێوی لە ماڵەکەیدا دەستگیرکردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، دوای گەیشتنی زانیاری لەسەر هاووڵاتییەک کە باڵندەیەکی کێوی لە جۆری (هەڵۆ) ڕاوکردووە و لە ماڵەکەیدا ڕایگرتووە، دەستبەجێ بە بڕیاری دادوەر مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پیرەمەگروون چوونەتە شوێنی مەبەست.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هێزەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر باڵندە کێوییەکەدا گرتووە و هاووڵاتییەکەش بە تۆمەتی ڕاوکردنی نایاسایی دەستگیر کراوە. هەروەها پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر تۆمەتبار.







