بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە، تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی کچان لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچاتەوە دەستگیر کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی ڕاپەڕین، تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی ئەکاونتێکی سناپچاتەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ڕێگەی "دوعا و نوشتەوە" کارئاسانی بۆ هاوسەرگیریی ئەو کچانە دەکات کە هاوسەرگیرییان نەکردووە، بەڵام لە بنەڕەتدا هەمووی دوور بووە لە ڕاستییەوە و بۆ مەرامی سێکسی کچانی هەڵخەڵەتاندووە.
دوای ئاگادارکردنەوە و ڕێکخستنی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕانیە توانی لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا تۆمەتبارەکە بە ناوی (ج، ع، ح) کە لە ڕەگەزی نێرە و بەڕەگەزنامە سوورییە دەستگیر بکات، هاوکات دەست بەسەر ئەو ئەکاونتەی سناپچاتیشدا گیرا کە بۆ فێڵکردن بەکاری هێناوە.
پۆلیس ئاشکرای کردووە کە تۆمەتبار لە بەردەم پۆلیس و دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لە ئێستاشدا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.







