مەسرور بارزانی، جێگری پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەی بادینان دیداری کرد و داوای لێکردن تواناکانیان پەرە پێبدەن، بۆ ئەوەی هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانى ئەم سەردەمە بن.
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ۲۴ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، جێگری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە درێژەی دیدار و کۆبوونەوەکانی لە شارى دهۆک، لەگەڵ ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی ژنان، خوێندکاران و گەنجان، کە سەر بە ئۆفیسی ڕێکخراوی بادینانی پارتی دیموکراتی کوردستانن، دیدار و گفتوگۆی کرد.
جێگری سەرۆکی حیزب، لەگەڵ بەرز نرخاندنی پێگە و ڕۆڵی ئەم ڕێکخراوانە، جەختی کردەوە کە شانازیم بەوەی ڕۆژێک منیش ئەندامی یەکێتیی خوێندکاران و گەنجانی دیموکراتی کوردستان بووم.
جێگری پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها داوای لەم ڕێکخراوانە کرد تواناکانیان بەرز بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ئاستی گۆڕانکارییە خێراکانى ئەم سەردەمەدا بن و ڕۆڵێکی کاریگەر لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بەرگری لە دەستکەوتە نیشتیمانییەکان بگێڕن.







