سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کاردارى باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کرد و لەو دیدارەدا بابەتی چالاککردنەوەی پەرلەمان، پێکهێنانی کابینەی نوێ و پێویستی دیاریکردنی ۱۴.۱۴ لە سەدی بودجەی ۲۰۲۷ بۆ هەرێمی کوردستان گفتوگۆ و تاوتوێ کران.
ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۱ ئۆکتۆبەری ۲۰۲۶، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە باڵیۆز ستێڤ فیگن، کارداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە گوێندۆلین (وێندی) گرین، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوو، هەردوو لایەن لەسەر پەرەپێدانی زیاترەی پەیوەندییە دوولایەنەکان و گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان هاوڕا بوون.
کارداری باڵیۆزخانەی ئەمریکا پابەندیی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوونی پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکوەزیرانیش سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتگیرییەکانی ئەمریکا دووبارە جەخت لێکردەوە.
هەردوو لایەن جەختیان لەسەر پێویستی چالاککردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکاندا، باس لە مافە بنەڕەتییەکان و داواکارییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا. سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە بەشی بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی ۲۰۲۷ بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و بە پێی ڕێژەی ۱۴.۱۴ لە سەدی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.







