سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەرپرسانی پێشمەرگە، پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کۆبووەوە. مەسرور بارزانی بە هێزە ئەمنییەکان ڕایگەیاند: لە جێبەجێکردنی یاسا و سزا دانی تاوانباران هیچ کەمتهەرخەمییەک مەکەن.
ڕۆژی شەممە، ۲۴ ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک لەگەڵ بەرپرسان و فەرماندەکانی پێشمەرگە، پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد.
سەرۆکوەزیران سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی پێشمەرگە، پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کرد لە پاراستنی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان. هەروەها جەختی لەسەر حاکمیەتی یاسا کردەوە و ئەرکی پێدان تا لە جێبەجێکردنی یاسا، سزا دانی تاوانباران و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتیان ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن و هیچ جۆرە کەمتهەرخەمی و پشتگوێخستنێک ڕوونەدات.







